غارنوردی استان کردستان

غارها میراث گران بهاء هستند که از گذشتگان به ارث رسیده اند و بدون تخریب باید تقدیم ایندگان کنیم

ئه شکه وتی پڕاو (غار پراو)

نوشته ی زیر کاری از آقای سلام اسماعیل سرخ به زبان کردی بر سر غار پراو کرمانشاه می باشد.برای خواندن کامل نوشته می توانید بر روی  ادامه مطلب کلیک فرمایید.

((( دۆزرانه واه ی ئەشکەوتی بەسامی پڕاو لە ساڵەکانی 1971 و 1970ی زایینی )))

 

غار پراو

 

گەڕان و دیتن بە شوێن شاراوەکانی ژیان و سروشت تەمەنی بە درێژایی تەمەنی مرۆڤە. ئیرادە و سۆزی دەرون بۆ لای بەرزی و نزمیێەکانی بردوۆە ، کەند و لەندی وەرد داوەتەوە ، و بڕیویێەتی و زانیاری و ئەزموونی بۆتە سەرەتای ئاڵ و گۆڕی لەرەوتی ڕۆژگار. علیم و زانیاری گووراوە . خەون و خولیاکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە بۆتە ھێمای خەون و ژیانی و ھۆگری لە ئاوەزو ناخی دا بۆتە ھۆکارێک بۆ وە دی ھاتنی ئوستوورە و ئەفسانە کان.

ڕۆژێک تیری تیژپەڕی مێژوو دەداتە دەست ئاڕەشی کەوانکێش ھەتا لە سەر کێوی دەماوەند بیھاوێژی، و ھورموزد خودای گەورەی فریشتەی با دەستوو دەدا تاکوو ئاگای لەو تیری تیژ پەڕە ببێ و سنووری ئێران و تووران بپێکی و دیاری بکا. ڕۆژێک خودان( خدا، صاحب) و خاوەنی شەڕ و ئاژاوە لە جەستەی دێوی، دێوکرداری وەک دۆڵپا(بوونەوەرێکی ئەفسانەیی زۆر ناحەز و دڕەندەیە لە نێو ئەفسانە کوردیێەکان)لە قووڵایی ئەشکەوتی مێژوودا یەخسیر دەکا، بۆ وەی ئاشتی و سوکنایی باڵ وە سەر وڵات بکێشی و ژیان ریشەدا بوکتێ و ڕێگاژۆ بکات . ڕۆژێک مەودای ژیانی چینایەتی (طبقاتی) برستی لێ دەبڕێ، خۆزیا و بریای خۆی لە حەقایەتی(کوڕە کەچەڵە)دا دەبینێتەوە، کە ئەویندار و عاشقی کچی پالشا دەبێ، کە دەبێتە ئاوسەنەی (ئەفسانە)ی چیرۆکی شەوانی ساردی زستان، وە خۆشی لە دڵییان دەگەڕێ و کوڕە کەچەڵە بە پێزانین و لێزانین وا کارامە و خوین شیرین دەبێ. کچی پادشا دڵی ڵێ دەچێ و شووی پێدەکا، و ئوخژن دەخاتە دڵی ھەمووان.بەڵام ئەو نووسراوەیە دەیەوێ بەو وتارە ئێوە لە دونیای ئوستوورە و ئەفسانەکانی کێو و ئەشکەوتەکان بێنێتە دەرێ و بەیەکەوە بچینە ئەرزی واقیع ، ئەشکەوتێکی بەسام لە دڵی کێوێکی ڕژد کە بۆ خوێ کەسایەتێکی ( character) تایبەتی ھەیە.

 

بەوتەی (جان میدلتۆن (johan medelton و ( دیوید جادسون Divedjadsoun)ی ئینگلیسی، دۆزەرەوانی ئەو ئەشکەوتە بەسامە. لە ساڵەکانی 1971 و 1970 زایینی بە ئێوێرێستی ئەشکەوتەکان ناودێری دەکەن، ئەویش ئەشکەوتی ((پڕاو)) یا پڕئاو، کە بە یەکێک لە دە ئەشکەوتی بێ وێنە و ڕژدو پڕ لەمپەری دونیا دێتە ئەژمار. چونکینە لە بەرزترین شوێنی خوی لە گۆی زەوی لە کوردوستانی ئێران واتە 3050 میتری لە حاست زەریا ھەڵکەوتوۆە، و بوونی لەو بەرزایە کەسایەتی تایبەتی بەو ئەشکەوتە داوە.

 

ئەشکەوتی ((پڕاو)) لە پارێزگای کرمانشان لە 12 کیلومیتری باکووری، ڕۆژھەڵاتی ئەو شارە ھەڵکەوتوۆە ، لە بەرزایی کێوێک کە ھەر بەو نێوە نێو دێر کراوە کە بەرزی 3357  میترە.

 

ئەو ئەشکەوتە بەسام پڕ پێچ و گەوە، تەنگە بەر و خۆفناکە 1454 میتر درێژایی ھەیە و تەنیا 5/752 میتر قووڵایی و ئەستوونی (عمودی) ھەیە کە بە دڵی ئەو کێوە مێژوویێەدا چۆتە خووارێ.

 

و بە ئێویرستی ئەشکەوتەکانی عالەمی ناوزەد کراوە. ئەشکەوتی ((پڕاو)) لە لایەن ئەشکەوت گەڕان و شاخەوانانی وڵاتی ئینگلیز لە ساڵەکانی 1971 و 1970 زایینی دۆزراوە، و بە دڵی ئەو ئەشکەوتە ھەزار بە ھەزارە داڕۆچوون و نەخشە و خەریتەی تایبەت بەو ئەشکەوتەیان تەیار کرد و فیلم و دکومێنتیان لێ ھەڵگرت و بە دونیایان ناساند. دوای ئەوان شاخەوانانی لەھستان و ئێران زانیاری پتریان تێدا پەیدا کرد. تەمبازای (دست انداز) و دژواری ئەو ئەشکەوتە کاتێک دەست پێدەکا، بە ھۆی ئەوە لە بەرزایی 3050 میتری شاخی (پڕاو) ھەڵکەوتوۆە، چەند شەو ڕۆژت پێدەچێ ھەتا بەو تاریکە سەڵاتە دا بۆ قۆڵایی ئەشکەوتەدا ڕۆچی و 278 چاڵا و ببڕی و تێپەڕکەی، و لە 26 چاڵاو بە تەناف و ( یومار، کەرەسەیەکی شاخەوانی) کە تێیدا شارەزا بی سەرو خووار بکەی . لە ھاوینیش دا بە ھۆی سەرمای لەڕادە بەدەر 1 ھەتا 4 پلە سەروی خاڵ وەکوو یەخچاڵێکی سروشتی وایە کە بەستەڵەکە. بە ھۆی خلیسک بوونی زۆربەی زارکەکانی ئەو ئەشکەوتە، مەترسی خلیسکان و بەر بوونەوە، دایمە لەبەر چاوتە. دڵۆپەی بن میچی ئەشکەوت بە سەر ئەشکەوت گەڕان وەکوو کوتکێکی قورس وایە کە دایمە دڵە خورپەت دەخاتە نێو دلیێەوە. دڵە ڕاوکێیەکی وەرەزکار ڕوحت ئازاردەدا و بەتەڕ بوونی ئازای جەستەت، ھەست بە ترس و تەنیایی دەکەی.و ھەست بە سەرمای لەڕادە بەدەر تاقەت پڕو کێنە. ئەوە لە کاتێک دایە تو سەرمەست لەو داکشانە بۆ خۆۆارێ، کات و زەمانت لێ ون دەبێ، وە پێت خۆشە ماندوو نەناسانە ھەنگاوەکانت ئەو قووڵایانە ببرێ و بگەی بە قاتی ئاخر. تازە نیوەی کارە، دەبێ بە ھەڵکشان بەو تاریکە سەلاتەدا کە وزەو تووانات زۆر لە کەمی داوە ، گیان تەڕ، لەش ماندوو، برسی، چۆن بێتەوە سەرێ و ئەو 26 چاڵاوە کە ھەموو وەک دیوار ساف و لووس بە پەت و تەناف و یومار خۆت ھەڵکێشی. وە ئەگەر وزەو تووانات نەمێنێ مەترسی و سێبەری مردن لەو ئەشکەوتە ھەزار بە ھەزار چۆکت پێدادەدا. کە 5 ئەشکەوتگەڕ(غارنورد) تەنیا لە ڕێگای گەڕانەوە و ھەڵکشان دا تێدا چوون (غەدیر یەزدانی، سەعید ئەمینی، ویکتوریا کیانی راد،ئەمیر ئەحمەدی)، کە تەرمی ویکتوریا و ئەمیر لە چاڵاوی ژمارە 18 دا ماوەتەوە، بەھۆی ئەستەمی ھەڵکشان لە قووڵایی 400 میتری ئەشکەوتی پڕاو دابۆ ھەمیشە دەستەملانی ئەو ئەشکەوتە بوون، وە لەوێ دانێژراون، وەک چیرۆکێکی تاڵ بۆ نەوەکانی داھاتوو بگێڕێتەوە.


 

ھەر لە بەر ئەوە ، ئەشکەوتگەرانی(غارنوردان) ئینگلیز، ئەشکەوتی پڕاو بە ئەشکەوتێکی بکوژ ناو زەد دەکەن، کە یەکێک کە پڕ مەترسیترین ئەشکەوتی عالەمییە، کە پلەی ڕژدی و ئەستەمی داڕشتنی (OD) نێودێر دەکەن، کە باڵاترین پلەی ئاستەم بۆ ئەشکەوتە.

داڕشتنی کێوەکانی زاگرۆس بە درێژایی قەراغەکانی ڕۆژئاوای ئێران و باشووری ئێران دا تێپەڕ دەبێت ، کە بەرزایی کێوەکانیان 3 ھەزار ھەتا 4میتریش بەرزە کە لە قەوارەی داڕشتن دا جحێل و تازە گووراوە، کە بەشی کاڕەستی (تەپە و دەشتی قسلی «آهک» زۆر تێدا دەبینرێ). بەشی ناوەند و باشووری ئەم کێوانە لە چین خوواردویی ھێڵە پچراوەکان دا زۆر چاڵ و چۆڵی بازنەیی (گڕکانی) تێدایە. کە 100 میلیون ساڵ لەوەبەر گووراون، کە ئەوانە بەرزترین شوێنەکانی زاگرۆسن کە زەرد کێوی بەختیاری 4200 میتر بەرزە.

وە کێوی پڕاو (پڕئاو) لە بەشی قسلێ(آهک) چینەکانی زەوی سەروی کرمانشان تێپەڕ دەبێ داڕێژاوە. ئەو شوێنە لە ئێدامەی باکووری ڕۆژئاوا – باشووری ڕۆژھەڵات یانی ھاو تەریب (موازی) ھێڵی زەوی ناسی سەرەکی زاگرۆسە، کە داوێنی کێوی (پڕاو) لە لایەن شیو و دۆڵی جۆراوجۆر دا پچراوە.

کە لێژای کێوەکان زۆر ڕژدن، بەرزایی زۆر ، ھەڵدێر و ھەڵەمووتی سرۆشتی و دۆڵودەرەی قسلێ و ویشک تایبەتمەندی کێوی(پڕاو)ە. با بە یەکەوە باسەکە بگێۆزینەوە بۆ بیرەوەری دۆزەروانی ئەشکەوتی بە سامی پڕاو. واتە ( دیوید جادسون Dived jadsoun) و ( جان میدلتون ( johon midelton لە سالی 1971 و 1970  زایینی کە بوو بە ھۆکاری دۆزینەوەی یەکێک لە سەرەکیترین عەجایباتی سرۆشتی لە ناوچەی کوردوستان ، واتە ئەشکەوتی (پڕاو).

 

غار پراو

 

پێداچوونەوە و خوێندنەوەی ژئوڵوژیک ئەشکەوتی (پڕاو)، پیشانمان دەدا کە لە کاتی پێک ھاتنی ھەتاکوو ئەوڕۆ، ئاڵوگۆڕی کەش و ھەوای جۆراوجۆری بە خۆیەوە دیوە کە بۆتە پێک ھێنەری ئەشکەوتی((پڕاو)). قەوارە و قووڵایی چاڵاوەکان، مێژووی سرۆشتی ئەو ئەشکەوتە پیشان دەدا.

ئێمە تازە لە دۆزینەوەی ئەشکەوتی (مونت کۆکۆی monte cucco) لە وڵاتی ئیتالیا لە ساڵی 1970 گەڕا بووینەوە، کە (جان میدلتون) کوتی دەچم بۆ وڵاتی ئێران. لەوە پێش ئێمە لە ساڵەکانی 1961 – 1967  زایینی دووجار چوو بوینە کێوەکانی (تائوروس)ی ناوەندی (Taurus) و دووجار لە ساڵەکانی 1968 و 1969 زایینی چو بوینە لوبنان، ئەو چووار سەفەرە، تۆوی سەفەر بۆ وڵاتی ئێران و چوونی کوردوستانی لە نێو دڵی ئێمە دا گووراند. کێوەکانی زاگرۆس بۆ ئەو مەبەستە ئامانجێکی سەرەکی بوو، کە لە ھەر شوێنێک ئاو بێ و جسنی شاخەکان لە جۆری بەردی قسلی (آهکی) بێت، دوو ھۆکارن بۆ پێک ھاتنی ئەشکەوت، کە ئەو دوو ھۆکارە لە زاگرۆس دا دەبیندرا، کە خوڵو خاکی زۆرتر ئاوماڵکە (رسوبی)ە . دەمانەویست لە کوردوستانی عێراق دەست پێ بکەین. بەڵام لە ساڵی 970  زایینی لە شاخەکانی کوردوستان عێراق شەڕ بوو کە جێگای ئێمە نەبوو. ھاتینە ئەو باوەڕە. کە کێوەکانی شاھۆ لە پاوە و (پڕاو) لە پارێزگای کرمانشان بۆ ئەو مەبەستە یاریدەر بو. مێژووی جوگرافیای سرۆشتی ئێران و کوردوستانم لەو ناوچەیە سەر وژێر کرد دیتم زانیاری تەنیا لەسەر ئەشکەوتە مێژوویێەکانە و بەس وەک ئەشکەوتی قوری قەڵاو ... ) ، ئێدی شتێکی دیکە وە بەرچاو ناکەوێ.

 

غار پراو

لە ئاکام دا 11 کەس بۆ ئە و سەفەرە ھەڵبژێردران کە ( جان میدلتون) بوو بە بەرپرسی کارە کە شاخەوان و ئەشکەوتگەرێکی بە ئەزموون و لێھاتوو بوو کە دتکوت خودابۆ ئەوکارەی خۆڵقاندووە.

دەبوایە لە دەستەی دو یا سێ کەسی دا بەش بین بۆ دیتنەوەی ئەشکەوت بە شاخەکان دا ھەڵکشین ، کە ھاوسەرەکەشی یاریدە دەری بوو. کە 8 کەسیان لە دۆزینەوەی ئەشکەوتی (مونت کۆکۆی) وڵاتی ئێتالیا لە گەڵمان بوون . ئێمە زانیاری زۆرمان تا کاتی سەفەر بۆ کوردوستان لەسەر کێوی پڕاو کۆ کرد بۆوە و ( خەریتەی ھەوایی) لە سەر ناوچەکە لە شەریکەی نەوتی ئینگلیز بە قەرز وەرگرت و باقی خەریتەکان لە پێوەرەی (مقیاس) 000/25: 1 بوو لە کتێبخانەی سرۆشتی پادشای (کنزیکتون) وەرمان گرت. 500 میتر تەناف و 300 میتر نێردیوان ، کەلوپەلی پێویست بۆ 11 کەس دبوایە 4000 کیلوێتر بۆ ئەو سەری دونیا راگێوزرێ. کە کێشی(وزن) کەلوپەلەکانمان 5 تۆن بوو کە ڕۆژی 30 مانگی ئاوت ساڵی 1971 زایینی لە ئینگلستان بە ماشێنێکی لەندروێر و ماشێنێکی بار ھەڵگر وەڕێ کەوتین بۆ ئێران. ئەوکات پارێزەری ،پارێزگای کرمانشان ڕێزدار(جەواد شارستانی) بوو . کە دوایی ھاتوو چوویەکی زۆر تووانیمان دوایی5 ڕۆژ جەواد شارستانی ببینین و داوای یارمەتی لێ بکەین، بۆ زانیاری زۆرتری ناوچە و ئیزن وەرگرتن و پشکنینی ناوچە سرۆشتی و شاخاوییەکانی پارێزگای کرمانشان . کارەکەمانی پێ سەیر بوو کوتی بڵێ ئەو شاخوو داخە ئەو بایخەیی بێت کە ئێوەی 4 ھەزار کیلومیتر کێشابێ بۆ ئێرە. رێزدار ((ئیبراھیمی)) سەرۆکی ڕادیو و تەلەڤزیونی کرمانشان بوو کە بۆ رێنما و دیل مانج(مترجم) یەکێک لە ھاوکارەکانی خوی کە کورد بوو بە نێوی (رێزدارعادڵ پوورنەقش) لە گەڵمان خست.

قەرارگا و کەمپی حاوانەوە و سەرەکیمان لە بێستوون لێدا و گەڕان و پشکنین دەستی پێکرد. تەواوی شیو و دۆڵی(شیروانە) ،( تەنگ لۆلان) ،( بێستون)، و ئاوایی ( کەویاران) ،(کۆفا)، گەڕایین و پشکنینمان. جان و دیوید چوونە دۆڵی(برنج) ، ئەوان پێیان وا بوو ھەر جێیک ئاودڕ بێ شانسی بۆ وەدی ھاتنی ئەشکەوت زۆرترە. بە شوێن کانیاوەکان دا دەگەڕاین.

ئاوای (چاڵادۆک)، ئاوایی(مانگ ھەڵات) لە بەرزایی 2300 میتری ، ئامانجی (جان میدلتوون) بوو. کە دوایی کەمپی حاوانە وەمان ھێنا شوێنێک بە نێوی (خزری زیندە) لە 20 کیلومیتری دەرەوەی کرمانشان نزیک کێوی پڕاو و ئاوایی (مانگ ھەڵات) . کارێکی تاقەت پڕوکێن بوو. عادڵ کوتی ھەڵگرتنی ئەو کەرەسانە قورسە ، لە ئاوایی (کۆشکەڵان) ، کابرایەکی بە نێوی (حەسەن) بە 3 ولاخ بارەوە بە کرێ گرت بۆ ھەڵگرتنی بارەکانمان، لە برامبەر (1200 قەران، واتە 5/6 پوند).

دوایی چووینە بەرزاییەکانی(خۆشاکاڵ). دوایی ماندوو بونێکی زۆر، حەسەن بۆ زەماوەندێکی کوردی لە ئاوایی کۆشکەڵان بانگھێشتی کردین کە چێژێکی خوش بوو، بۆ نزیک بوونەوە لە خەڵکی ناوچە . ھەتا ئێرە حەولو دەولمان بێ ئاکام بوو، شتێک بێتە ھۆی دڵخۆشیمان نەمان دۆزیبۆۆە.

لەو بیرە دا بووین بچین بۆ شاخە کانی پاوە و نەوسوود ، لەوێش زۆر ھەلسووڕاین و ئاوی کانیاوەکانمان تاقی کردەوە ، بەڵام بێ ئاکام بوو. ھەتاکوو (جان میدلتون johan medelton) لە ئاوایی (مانگ ھەڵات) لە گەڵ کەلو پەلی پێویست بە کێوی پڕاو دا ھەڵکشا، وە شەوانەش لە بەرزایی 3 ھەزار میتری کێوی پڕاودا دەماوە. ھەتاکوو تۆژینەوە بە ئاکام بگات . دوایی دیتنەوەی چەن کون و کاژێر،زارکی چاڵاوێک سرنجی ئەوان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ.

بەدڵی ئەو چاڵاوەدا ڕۆ دەچن ھەتاکوو 18 چاڵاو دەچنە خووارێ ، ڕۆژی دواتر عادڵ لەگەڵ (جان میدلتون) بە 10 وڵاخ بار کەمپی سەرەکی دیینە سەر کێوی پڕاو.

ھەتا چاڵاوی 12 بە پەت و  تەناف بە ئەستوونی ئەشکەوتەدا ڕۆ دەچن ، ھەتاکوو ئێرە 500 میتر بەدڵی ئەشکەوتەکەدا دا کشابوون، خۆشی لە دڵی ھەڵ مووان دەگەرێ . دەبێتە سەرەتایێک بۆ دۆزینەوەی گەورەترین و مەترسیدارترین ئەشکەوتی عالەمی لە سەر کێوی پڕاو لە بەرزایی 3050 میتری ، نێودێڕ دەبێ بە ئەشکەوتی (پڕاو) . بەڵام گرفتی کارەکە لەوەدایە چوونە خوواری زیاتر زۆر پڕ مەترسییە و ھەمووی ئەو 11 کەسە لە باری فەننی و ئەشکەوت گەڕی تووانایی ئەوەیان نییە بە تەناف بچنە خووارێ، پووڵ و دراوی پێویست لە گۆڕێ دا نەمابوو. ھەتاکوو چاڵاوی 24 ، کە دەکاتە 500 میتری ئەستوونی ئەشکەوتەکە بە دڵی دا چووینە خووارێ. (جان میدلتون) سەرۆکی لیژنەی ئینگلیسی باقی کارەکەی  لە سەر ئەشکەوتەکە دوواخست . بۆ ساڵێ داھاتوو . کە بە گروپێکی تۆکمە و پەرداخ کارەکە بە ئاکام بگەیێنن.

بە ھەڵسووراویێکی بێ وێنەی (جان میدلتون و دیوید جادسون) تووانییان بەشێک لە دونیای شاراوەی ئەو ئەشکەوتە وەدیار بخەن و تۆماری بکەن تا ئەوکاتە. بەڵام ھەموو شاراوەکان نە دۆزرا بۆوە. خەڵکی ئینگلیز بە دڵگەرمیێکی زۆر کاری تۆژینەوەی ئەو لیژنەیە لە سەر ئەشکەوتی (پڕاو) دەخوێندەوە و ھاودەنگی و ھاوکاری دەکردن و شوێنی کارەکەیان دەگرت. بە تایبەت لە لایەن خەڵکی ئیماندارانی وڵاتی ئینگلیس (چونکینە کاتێک سارا دەمرێ، حە زرەتی ئیبراھیم لە ئەشکەوتێک دا دەینێژێ). شاخەوانی و ئەشکەوتوانی لە وڵاتی ئینگلیس ھۆگری زۆرە . پێویستە بڵێم بۆ ھەوەڵین جار لە 1953ی زایینی لە لایەن تێنسینگ و ھیلاری کە ئینگلیزی بوو، تووانییان وە سەر چیای ئیوێریست بکەوەن ، کە بەرزترین شوێنی گۆی زەوەییە.

بۆ جاری دوھەم جان میدلتون گروپێکی تۆکمە و شارەزا بە فەننی شاخەوانی و ئەشکەوت گەڕی ھەڵبژارد کە بتوانن بە پەت و تەناف بە تایبەت گرێ پرۆسیک (جۆرێک فەننی شاخەوانی بە تەناف) کار بکەن . 1300 میتر تەناف ، 750 میتر نیردیوان و کەلو پەلی پێویست و ماشێنی لەندروێر، و ماشینێکی بارھەڵگر ، گوێزایەوە بۆ ئێران و گرێبەستی (قرارداد) کارە کەمان لە گەڵ تەلەفزیونی ITN کە کانالێکی ڕاگیاندن بوو، بۆ پشتیوانی ماڵی لە بەرامبەر بڵاوکردنی کارەکەمان .

دووشەممە 17ی جولای ، جارێکی دیکە بۆ ئیدامە و درێژەدانی کاری ناتەواوی ئەشکەوتی پڕاو ھاتینەوە کرمانشان و ڕێزدار(شاپوریان) نوێنەری سەفارت لە حەولو دەولی کارەکەمان دا بوو. چووار حەوتوو مۆلەتی کارەکەمان بوو . کە ھاتینەوە کرمانشان، ئاگادار کراین کە دوایی گەڕانەوەمان بۆ ئینگلیس ، ھێندێک ئاڵوگۆڕی پێک ھاتوۆە. لە ئێران لە لایەن دەنگ و ڕەنگی کرمانشان لە زارکی ئەشکەوتی پڕاو فیلم و دکۆمێنتیان ھەڵ گرتبوو و گروپێکی ئەشکەوت گەڕی وڵاتی لەھستان لە مانگی ژوئن بە شوێن ئێمە داھاتبوون ، چوو بوونە نێو ئەشکەوتەکە و پێمان وا بوو ھەتا ئەو شوێنی کە ئێمە چوو بووینە خووارێ ، ڕۆ چوو بوون ، بەڵام ھەتاکوو چاڵاوی 13 چوو بوونە خووارێ و دستیان لە کارەکە ھەڵگرتبوو ، ئێمە ئەوکات ھەتا چاڵاوی 24 ڕۆ چوو بوین . شوێنی کارەکەمان بە وەزەو ، تووانایەکی زۆرتر ، ئیدامەدا کە نادیارەکانی ئەو ئەشکەوتە بەسام و خۆفناکە وە دیاری کەوێ، وە ھەنگاوێک بێ بۆ ناسینی دونیای شاراوە . داکشان و ڕۆچوون ھەتاکوو چاڵاوی 26 درێژەی کێشا، ئێرە دوایین شوێنی ئەشکەوتی پڕاو بوو کە دەستمان پێگەیشتبوو ئیدی رێگا بەر بەست بوو . دەست بە کار بووین، ئەوەی دوزیومانە تەوە لەسەر ئەشکەوتی پڕاو ، بە خەریتە و فیلم تۆماری بکەین و بە دونیای بناسێنین. درێژەی ئەشکەوتەکە 1454 میتر کە 5/752 میتر ئەستوونی ئەشکەوتەکەیە کە 278 چاڵاوی گەورە و چکۆلەی تێدایە کە 26 چاڵاو دەبێ بە تەناف و یومار بچینە خووارێ و ھەڵکشێ کە بەرزی چاڵاوی وا ھەیە 40 میترە. وەک چۆن لە ئەستوورەکان داھاتووە، ئەشکەوت نەمادی لە دایک بوون و منداڵانی دایکە، ئێمەش لێرە دا لە دایک بوونی مندالێکی دیکەمان دەدیت بە نێوی ئەشکەوتی پڕاو.

ھەتاکوو ساڵی 1370ی ھەتاوی بەرامبەر 1990ی زایینی لە دوایی گرۆپی ئینگلیزیەکان کارێکی ئەوتۆ لە سەر (پڕاو) نەکرا. ھەوەلین کەس تووانی بەوزە و ئیرادەیەکی بەسۆز ئەو تەلیسمە بشکێنێ و ئەو مێژووە بپێوێ و ئەودا بڕانی 20 ساڵە ڕاست بکاتەوە ، کوردێکی کاکەیی بە نێوی دوکتور حیشمەت حەیدەریان بوو کە مامۆستای زانکۆ و شاخەوانێکی بە ئەزموون بوو و ئەو بێدەنگیەی شکاند و لە ڕەزبەری 1370ی ھەتاوی ئەشکەوتی پڕاوی لەگەڵ گروپەکەی پێوا و بە ساغی ھاتنەوە دەر کە 6 شەو و ڕۆژ لەو تاریکە سەلاتە دا بوون و ئەو ڕۆ کە دوکتور حیشمەت بە بەبری پڕاو ناسراوە. لەوێ بەدووا گروپی زۆرتر ڕویان لە ئەشکەوتی (پڕوا) کرد و پێیدا چوونە خوارێ.

ھەتاکوو ئەوڕۆ 67 ئەشکەوت گەڕ توانیویانە بچنە قاتی ئاخر کە 8 کەسیان ژن بوون کە 5 کەسییان لە گەڕانەوەدا لە نێو ئەشکەوتەکەدا تێداچوون و مردوون کە ویکتوریا و ئەمیر ئەحمەدی ھەر لەوێ دا نێژراون و تەرمیان بۆ ھەمیشە دەستەملانی پڕاو بوون .

لە ڕەزبەری 1384ی ھەتاوی بۆ ھەوەڵین جار کچێکی ئێرانی بە نێوی لەیلا ئەسفەندیاری سەر کەوتووانە چووە قاتی ئاخری ئەشکەوتی (پڕاو)، کە بە داخەوە لە شاخەوانی ھیمالیا لە گەڕانەوە لە سەر گاشربڕومی 2 لە ساڵی 1990ی ھەتاوی ھەڵدێردرا و گیانی بەخت کرد .

لەوی لەم سەفەرەش دا ھاورێمان بوون و بەدڵی ئەو ئەشکەوتە بەسامەدا ڕۆ چوون ، ئەژنۆتان شل نەبوو ، سەر بڵیند و ڕاوەستاوبن ، ھەتا زەردەی خۆری دەم کەلێکی دی و جێژوانێکی تر ماڵ ئاوا.

ئەو نووسراوەیە پێشکەش بە کۆترە باریکە کەی مەریوان سارا ئەمجەدی

سەلام سماییل سورخ

Email:esmailsorkh.salam@gmail.com

 

سەرچاوە :

1- ئەشکەوتی پڕاو : دیوید جادسون Dived jadsoun چاپی ھەوەڵ 1973ی زایینی.

2- گاھنامە ئەنجوومەنی شاخەوانانی ئێران: ژمارە 12 بەفرانباری1384.

3- ئەشکەوتی پڕاو و ڕژدیەکانی: دوکتور حیشمەت حەیدەریان

4- کاری مەیدانی خۆم لە سەر ئەشکەوتی پڕاو

سلام اسماعیل سرخ

(((تاران : 20ی سێخوار ساڵی 1392ی زایینی ، ڕۆژی جیھانی کوێستان ، کۆبونەوەی شاخەوانان و ژینگە پارێزانی ئێران.

لە ڕاستەوە بو چەپ: سەلام سماییل سورخ – دوکتور حیشمەت حەیدەریان «ناسراو بە بەبری پڕاو» - سارا ئەمجەدی)))

 

با تشکر فراوان از آقای سلام اسماعیل سرخ برای این متن زیبای کردی درباره غار پراو